ڕۆژنووسی فه‌ردین مه‌زهه‌رپوور
کورد ، ئێستا و ڕابردوو
نویسنده:
۶ دی ۹۶

به جورئه‌ت ئه‌توانم بێژم تا ساڵی ٢٠١١ کورد له باشووری کوردستان گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی سه‌رکێش و ئازاو شۆڕشگێڕی دونیابوو . ئیدی له‌دووای ئه‌و تاریخه‌وه ‌، بووه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی برسی و ورگن و تۆقیو . زۆرترین خه‌یاڵی لای حیسابی ماددی و مسۆگه‌رکردنی ئاینده‌ی زگی و سفره‌که‌ی و گیرفانیه‌تی! زۆربه‌ی مرۆڤی کورد ئێستا وه‌ک توجار و ده‌ستگێڕ و ده‌ڵاڵ له‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌کانی خۆی ده‌ڕوانێت و بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ کوێدا پاره‌ی زۆرتر و له‌چیدا خێری ماددی فراوانتر و سه‌ر به‌ کوێ بێت مووچه‌ی زۆر و له کام شوێن سفره‌که‌ی چه‌ورتر ده‌بێت! ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌پێشتردا وانه‌بوو ، کورد له‌سه‌رده‌می فه‌یسه‌ڵه‌وه‌ تا چه‌رخی مالکی و عه‌بادی ، له‌هیچ دانوستاندنێکیدا داوای مووچه‌ و نانی زۆرتری نه‌کردووه‌، ته‌نیا مافه سیاسی و‌ ئینسانی و نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رهه‌نگیه‌کانی کردووه‌ته‌ ئه‌وله‌وییه‌تی خواسته‌کانی! بۆ نموونه ئێستا له باشور و به تایبه‌تی له شاره حه‌یاته‌که ( سلێمانی ) بڵێ بژی کورد وات بۆ حیساب ده‌که‌ن که‌ پاره‌ت پێ دراوه‌ له‌پای ئه‌م ئیحساسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌دا! ئێستا میعیاری نه‌ته‌وه‌یی و خاکخوازی هه‌ر که‌سێک له باشور ، مه‌بله‌غێک پاره‌یه‌ که‌ پێشبینی ده‌کات وه‌رتگرتبێت!!

کورد له‌ڕابردوودا، شۆڕشی به‌ ئه‌مری واقع کرد، که‌س له‌گه‌ڵی نه‌بوو! ڕاپه‌ڕینی به‌ ئه‌مری واقع کرد، که‌س له‌گه‌ڵی نه‌بوو! یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی ئازادی به‌ ئه‌مری واقع کرد و که‌س له‌گه‌ڵی نه‌بوو! دروستکردنی حکومه‌تی هه‌رێمی به‌ ئه‌مری واقع کرد و که‌س نه‌ک هه‌ر له‌گه‌ڵی نه‌بوو، به‌ڵکو دانیشی پێدا نه‌نا و کاری بۆ له‌ناوبردنی ده‌کرد و نه‌یتوانی!  فیدراڵی عێراق و هێشتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ڕه‌سمیه‌تی زمانی کوردی و ئاڵای کوردستانی کرد به‌ ئه‌مری واقع به‌سه‌رعێراقدا و که‌س له گه‌ڵی نه‌بوو …  کورد گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی پڕ له سه‌رکێشی و سه‌رسه‌ختی دونیا بوو بۆیه‌ مایه‌وه‌! ئێستاش یان ده‌بێت وه‌ک ڕابردووی خۆی گه‌وره‌ترین ڕیسک به‌ زگ و سفره‌که‌یه‌وه‌ بکات و ببێته‌وه به نه‌ته‌وه‌که‌ی جاران ، یان بۆ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ زگ و سفره‌ و مووچه‌که‌یدا ورگن ورگن بژی!

 

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *