ڕۆژنووسی فه‌ردین مه‌زهه‌رپوور

کتێب

نویسنده:
۸ دی ۹۶

زۆر جار کتێبێکم سه‌ندووه ، که‌چی بە دیاری دراوە به که‌سێکیتر و ئەویش فرۆشتوویەتییەوە! زۆر کتێبم بینیوه کە تارێخ و یادەوەری و ئیمزای کەسیتری بەسەرەوەیە و بە دیاری داویەتی بە هاوڕێی یان دۆستێکی ؛ که‌چی ئه‌ویش له بازاڕ هه‌ڕاجی کردووه !!! بێچاره نووسه‌ر و داماو ئه‌و که‌سه‌ی وا کتێب خه‌ڵاتی ئه‌م جۆره که‌سانه ئه‌که‌ن ….

یەکەم درۆ . . .

نویسنده:
۵ دی ۹۶

من یەکەم ڕۆژی چوونە قوتابخانەم له بیرە، مامۆستاکان تێکڕا هەموویان یەک جۆر درۆیان دووبارە ئەکردەوە! ئێستا ۳۵ ساڵ بەسەر گەورەترین درۆکانی ئەواندا تێ ئەپەڕێت. ئەوان ووتیان: ئێوە نەوەی دووا ڕۆژن و وڵات ئەکەوێتە دەست ئێوە! دووا ڕۆژ هات و ڕۆیشت ؛ ئێمە تەنیا قەبارەمان گەورەتربوو ، تووڕەتر و ناڕازیتر بووین و نائومێدتر . . .
خۆزگە مامۆستاکانمان بوێرتر و ڕاستگۆتر بوواین لەگەڵمان ، خۆزگە بەڕاستگۆیی و بوێریەوە بیانگوتایە وڵات ئەکەوێتە دەست کێ؟! تا ئێمە لەم (سەحرای تەتەران)ە هێندە چاوەڕێ نەبوواین!!

ڕیچ و شێخ مه‌عروفی نودێ

نویسنده:
۴ دی ۹۶

کلۆدیۆس جیمز ڕیچ کە گەشتەکەی سلێمانی و باشووری کوردستان تەواو ئەکات ، بەیانییەکی زوو لەکاتی گەڕانەوەیدا بەرەو بەغداد ئه‌ڵێت: نامەیەکم لە یەکێک لە پیاوە ئاینییەکانی سلێمانییەوە بەدەست گه‌یشت . ئه‌و پیاوه‌ ئاینییه‌ شێخ مەعروفی نۆدێییە . ( باوکی کاک ئەحمەدی شێخی گەورەی سلێمانی ) . ئه‌ڵبه‌ت به‌ پێی قسه‌ی ڕیچ ، شێخ مەعروف خارشت و حەساسیەتی پێستی هەبووە . داوای ئه‌وه‌ له‌ مسته‌ر ڕیچ ئه‌کات که‌ دەرمانێکی پێ بدات تا چاک ببێته‌وه .

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و تێڕامانه که شێخ مەعروف نەیتوانیوە حەساسیەتی پێستی خۆی چارەسەر بکات ، کەچی هەتا ئێستاش خەڵک دەچنە سەر مەزارەکەی و داوای چاک بوونەوەی نەخۆش و عیلاجی نەزۆکی و ئازار و شیفای شێت و دەستوەشاندن و هتدی لێ ئەکەن . نەک هەر لەو ، زۆرتریش لە کاک ئەحمەدی شێخی کوڕیشی داوا ئه‌کەن!!

مه‌لا عه‌لی که‌ڵه‌ک

نویسنده:
۳ دی ۹۶

شه‌وی هه‌ینی کاناڵی … له ڕاپۆرتێکدا مه‌ته‌به‌که‌ی مه‌لا عه‌لی که‌ڵه‌کیان به سه‌ر کرده‌وه ! له ڕاپۆرته‌که‌دا جه‌نابی مه‌لا عه‌لی که‌ڵه‌ک داعیه‌ی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ” ئێبۆلا ” و ” ئه‌یدز “ی کرد !!! ئه‌وانه‌ی وا سریاڵی ” قاوه‌ی تاڵ ” یان بینیبێت ، کاراکتێری ” نباتی ” یان له یاده . حه‌کیمێک که بۆ هه‌ر نه‌خۆشیه‌ک نه‌باتی به چاره‌سه‌ر دائه‌ناو به پێی جۆری نه‌خۆشیه‌که ، ڕاده و ڕێژه‌ی نه‌باتی که‌م و زیاد ئه‌کرد !!! به واتایکیتر بۆ هه‌موو نه‌خۆشیێک ته‌نیا نه‌بات داغی ئه‌نواند! ئێستاش دکتۆر عه‌لی بۆ هه‌ر نه‌خۆشیێک ته‌نیا میزی حوشتر ئه‌نوێنێ ! به‌لام ڕێژه‌ و ڕاده‌ و کاتی خواردنه‌وه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیێک له گه‌ڵ نه‌خۆشیێکتردا جیاوازه . بۆ نموونه بۆ ئه‌یدز ئه‌بێ شه‌و کاتی خه‌وتن ، دوو پێک میزی حوشتری عه‌ره‌بی ! له گه‌ڵ یه‌ک پێک شیری هه‌مان حوشتر تێکه‌ل بکرێت و نۆش بکرێت . به‌ڵام بۆ ” ئێبۆلا ” سێ پێک میزی حوشتری عه‌ره‌بی و دوو پیک شیری هه‌مان حوشتر تێکه‌ڵ بکرێت و به‌یانیان ، به دڵی ناشتا هه‌ڵی به‌یت ! …
جیا له گاڵته‌و گه‌مه ، پێم وایه وه‌زاره‌تی ته‌ندوروستی هه‌رێم له هوشیار کردنه‌وه‌ی خه‌ڵک ، به تایبه‌ت چینی نه‌خوێنه‌وار ئه‌رکی خۆی جێ به جێ نه‌کردووه‌و به داخه‌و کاناڵه‌کانیش به شێوه‌ی ناڕاسته‌خۆ ڕێکلامی تایبه‌تی بۆ ئه‌که‌ن …
————————————————————
تێبینی : ئێستا له بازاڕه‌کانی هه‌رێمی کوردستان یه‌ک به‌رمیلی ۲۰ لیتری میزی حوشتری عه‌ره‌بی به ۲ میلیۆن دیناره . له یه‌ک به‌رمیل نه‌وت گرانتره !!!

ئاخرین هه‌ناسه‌کانی پاییز

نویسنده:
۱ دی ۹۶

من که ده‌سووتێم ، ئیدی بۆ له جه‌هه‌نه‌م بترسم
ئه‌وه‌ی سه‌رتاپا برین بێت ، خۆی له شمشێر نادزێته‌وه . .
له _ درۆی ئاگر _ ی به‌ختیار عه‌لی

………………………………….

نزیک سه‌وڵاوا … ئاوایی گۆشخانی

ئاخرین ڕۆژی پاییزی ٩۶ی هه‌تاوی

” راوێژ ” بوو به ۹ ساڵه …

نویسنده:
۱ دی ۹۶

■ ته‌مه‌نی یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌ی وێب بۆ ۲۵ ساڵ پێش ئێستا ئه‌گه‌ڕێته‌وه . ته‌مه‌نی یه‌که‌م بلاگی کوردیش بۆ نزیک به ۱۸ ساڵ پێش ئێستا. کاتی خۆی نووسین له دونیای وێبدا گه‌رم و گوڕێکی زۆری هه‌بوو . به داخه‌و به هاتنی فیس بوک خوێنه‌‌ر و بینه‌ری کورد یه‌کسر ده‌ستی له گه‌ڕان به دونیای وێبی کوردی به‌رداو وه‌ک ساحێب په‌یج له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ، به تایبه‌ت فیس بوک ، بووه خاوه‌ن بلاگێکی شه‌خسی . په‌یجێک که به داخه‌و زۆربه‌یان خاڵین له بابه‌تی به پێز و به سوود ! ئیتر خوێنه‌ر و بینه‌ری په‌یجه‌کان که‌متر بابه‌ته‌کان ئه‌خوێنه‌وه و ته‌نیا وێنه‌کان لایک ئه‌که‌ن ! بۆ نموونه ئه‌و ستاتووسانه وا وێنه‌یان له گه‌ڵا نییه که‌متر لایک ئه‌کرێن به نیسبه‌ت ئه‌و ستاتووسانه‌ی وا وێنه‌یان له گه‌ڵه !! هه‌ر چه‌ند ئه‌م بارودۆخه ئاوقه‌وی میلله‌تانی‌تریش بووه ، به‌ڵام به داخه‌و فیس بووک هه‌ر به ته‌واوی هه‌ره‌سی به دونیای وێبلاگ نووسی کوردی هێناو و کاولی کرد ! خوێنه‌ر و بینه‌ری کوردیش هێشتا به باشی ده‌رکی به گرنگی وێب نووسی نه‌کردبوو ، تا هات خۆی له گه‌ڵ دونیای وێبدا ڕێک بخات و که‌ڵکی لێ وه‌ر بگرێت ، تووشی په‌تای فیس بووک هات !!! به قسه‌ی پسپۆڕانی بواری وێب هیچ کات په‌یجه‌کانی فیس بووک نه‌یانتووانیوه و ناتووانن جێگای لاپه‌ڕه‌کانی وێب بگرنه‌وه ، خۆزگه ئێمه‌ی کوردیش ، وه‌ک گه‌لانی‌تری ئه‌م جیهانه ده‌رکمان به‌وه بکردایت که فیس بوک ناتووانێت جێگای نووسین له دونیای وێبدا بگرێته‌وه . با ئیتر له قافڵه‌ی وێبنووسی جیهانی دووا نه‌که‌وین !
■■ ده‌ستپێکی نووسینم له دونیای وێب بۆ ساڵی ۲۰۰۳ ئه‌گه‌ڕێته‌وه . ئه‌و کات له وێبلاگه‌کانی ” ڤه‌ژین ” و ” ژین ” ده‌ستم به نووسین کرد . یادی به خێر وه‌ک کرێچی وا بووم ! هه‌ر کات له لای خاوه‌ن ماڵ ( بلاگفا / میهن بلاگ / پرشین بلاگ / … ) ڕه‌زام تاڵ ئه‌بوو ، یه‌کسر ، بێ سێ و دوو ده‌رگای له سه‌ر دائه‌خستم و ناوماڵه‌که‌یشمی ( ئه‌رشیڤی نووسینه‌کانم ) به تاراج ئه‌برد ! ئه‌رشیڤی ئه‌و ساڵانه‌م له کیس چوون ! تا دووایی له ساڵی ۲۰۰۸ ، له ماڵی خۆم له سایتی راوێژ گرسامه‌وه ! هه‌ر چه‌ند له‌وێش دوو جار به‌ر هێرشی هه‌کێره‌کانی یمن و میسر که‌وتم و به پێ ئه‌وه‌ی ئێرانی بووم ، به‌ر ڕه‌حمه‌تی قین و بوغزیان ده‌رحه‌ق به برا فارسه‌ شێعه‌کانم ! که‌وتم و حیسابی فارسێکی شێعه‌ی ئێرانیان بۆ منیش کرد و منی کورد ، به ئاگری قین و بوغزی شه‌ڕی شێعه و سونه‌وه سووتام و ڕاوێژ له گه‌ڵ نزیک به هه‌زار سایتی ئێرانی که له سیستمی وۆردپرێس که‌ڵکمان وه‌ر ئه‌گرت به‌ر هێرشیان که‌و‌تین و هه‌ک کراین و ئه‌رشیڤی ئه‌و ساڵانه‌شم ته‌فروتوونا بوون ! ئه‌مڕۆ ڕاوێژ پێ ئه‌نێته ناو ۹ ساڵگیه‌وه ، به‌مانه‌وه ئێستاش له ڕاوێژ دووای ۸ ساڵ هه‌ر درێژه به نووسین ئه‌ده‌م ، ئه‌گه‌ر ته‌نیا خۆیشم خوێنه‌ری بابه‌ته‌کانم بم !