ڕۆژ نووسی فه‌ردین مه‌زهه‌رپوور

پێوانه‌ی کورد بوون !

نویسنده:
۲۴ اردیبهشت ۹۶

به درێژایی مێژوو پێوانه‌ی کورد بوون له لای ئێمه ، ته‌نیا هه‌ستێکی چڕ و کوێرانه‌ی ناسیوناڵیستی بووه ، که ئه‌ویش له کۆ بوونه‌وه له ده‌وری ئه‌م ڕێکخراو یان ئه‌ویتر ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و هیچیتر ! هه‌ستێکی تێژ و تۆقێنه‌ر که هیچ‌کات رێگای نه‌داوه که‌سه‌کان یان گرووپه‌کان به‌ر ڕه‌خنه و گله‌یی بکه‌ون و ئه‌گه‌ر به ئه‌نقه‌ست یان غه‌یره ئه‌نقه‌ست له ڕێگا لایان دابێت ، به خۆیاندا بێنه‌وه‌و بێنه‌وه سه‌ر ڕێگای ڕاست .

کێشانی هێڵی سوور له ده‌وری سه‌رکرده‌ی سیاسی و ئایینی کورد وای کردووه که ئێمه له دونیایکی ‌غه‌یره واقێعی سیاسیدا بژین و به‌و په‌ری خۆ گێل کردن له ڕاستیه‌کان له سه‌رکرده‌کانمان که‌سایه‌تی کاریزما دروست بکه‌ین و بۆ خۆمان بیانکه‌ین به بۆت و بیان‌په‌ره‌ستین و ئه‌گه‌ر که‌سانێ بیانه‌وێ ئه‌و هێڵه سوور بشکێنن و که‌سه‌کان و گرووپه‌کان بخه‌نه به‌ر ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندن ، کوێرانه به‌ر هێرشی تووندی ئێمه‌ی کورد ! ئه‌که‌ون . وه‌ک ئه‌وه‌ی له ئه‌وان کوردتر بین !

ئێبراهیم یوونسی ” له پێشه‌کی کتێبی ” جنبش‌های ملی کرد ” نوسینی ” کریس کۆچرا ” ، بیره‌وه‌ریکی خۆی له چایخانه‌یکی سه‌ر سنووری رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان ، له گه‌رمه‌ی شۆڕشی بارزانی‌ نه‌مردا ئه‌گێڕێته‌وه‌و ئه‌ڵێ : ” چاپی وێنه‌یکی مسته‌فا بارزانی له تایمز ، له کاتێکدا که خه‌ریکی کێشانی جگه‌ره‌یه و دوو ده‌مله‌شی به لای شاڵه‌که‌‌یدا کردووه ، و به ئینگلیزیش له ژێری وێنه‌که‌دا نووسرابوو ؛ ” بارزانی جگه‌ره‌ی زۆر ئه‌کێشێ و بۆ کێشانی جگه‌ره ، له چه‌ندین ده‌مله‌ی ده‌ست سازی خۆی که‌ڵک وه‌ر ئه‌گرێ . ” ،  بووبووه مایه‌ی مشت و مڕی حازران . ئه‌و خه‌ڵکه هه‌ر چه‌ند ئه‌یانزانی ئه‌وانه‌ ده‌مله‌ن که بارزانی کردوویه به لای شاڵه‌که‌یدا ، به‌ڵام ته‌نیا له به‌ر قودسیه‌تی که‌سایه‌تی بارزانی پێ‌یان وابوو ئه‌وانه ده‌مله نین و به چه‌کی دژه تانکیان ئه‌زانی که شای ئێران پێی به‌خشیبێت !!!

هه‌ر ئێستاش له پانتایی سیاسی کوردستان دا له‌و جۆره قودسیه‌ت به‌خشینه فراوان به‌دی‌ ئه‌کرێ و تاکاتێ هێڵی سور له ده‌وری که‌سه‌کان بکێشین و ئیجازه‌ی ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنی تاک و کۆ نه‌ده‌ین و تا کاتێ له که‌سایتیه سیاسی و ئایینیه‌کانمان بت ساز بکرێ و هێڵێکی سوور ، ئێمه له ئه‌وان جیا بکاته‌وه‌و ئه‌وان هیچ کات خۆیان له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی وا ئه‌یکه‌ن به به‌ر پرسیار نه‌زانن و ڕه‌خنه کردنیان بڤه بێت ، هیچ کات زه‌ینی کوێری جه‌ماوه‌ر به سه‌ر ڕاستیه‌کاندا رووناک نابێته‌وه و په‌شیمانی له دووای په‌شیمانی له بیر و باوه‌ره‌کان دووپات و چه‌ندپات ئه‌بێته‌وه !