ڕۆژنووسی فه‌ردین مه‌زهه‌رپوور

دو جۆره که‌سایه‌تی هه‌ن …

نویسنده:
۱۰ آذر ۹۶

دو جۆره که‌سایه‌تی هه‌ن که حه‌ز ناکه‌م هیچ کات له گه‌ڵیان دانیشم و قسه‌یان له گه‌ڵا بکه‌م ؛
یه‌که‌م : که‌سانێک هه‌ن له سه‌رده‌مێکا شتێکیان بیستووه و له‌و ئایدا و باوه‌ڕه‌دا دوگم بوونه . ئیتر وا ئه‌زانن ئه‌و باوه‌ڕو ئایدایه ، تا هه‌تا هه‌تایه ڕاسته‌و کامڵه ! ئیتر تۆ ناتووانی له سه‌ر بیر و باوه‌ڕیان قسه بکه‌یت و هێڵه سووره‌که‌یان تێپه‌ڕێنیت !!!
دووه‌م : که‌سانێک هه‌ن که چووار کتێبیان خوێندۆته‌وه‌ و رێشیان به مۆدێلی ڕۆژ تاشیوه‌و ئیتر وا ئه‌زانن که ڕوناکبیرن‌ . جا به هه‌ر که‌س و هه‌ر چی و هه‌ر ئه‌ندێشه‌یک ئه‌گه‌ن به بێ سێ و دوو ، تێی ئه‌کوتن و ڕه‌تی ئه‌که‌نه‌وه !!!

ده‌لاقه

نویسنده:
۹ آذر ۹۶

هه‌واره‌و هه‌وار چۆڵه‌ ، جێ ژوانگه‌ی یاران …

ڕیگای سنه – مه‌ریوان  پاییزی ١٣٩٧ ‌ی هه‌تاوی

سەرۆک

نویسنده:
۱۱ آبان ۹۶

ئه‌گه‌ر بۆ که‌مێک له‌ جیهانی ڕق و بوغزی خێڵه‌کی ده‌رچین، ئه‌وه‌ی بارزانی له‌ ٢٠١٧دا کردی، هه‌ر هه‌مان ئه‌و شته‌یه‌ که‌ شێخ مه‌حمود له‌ ١٩٢٢دا و قازی محه‌مه‌د له‌ ١٩۴۶دا کردیان، ئه‌وه‌ی بارزانی هه‌م گه‌وره‌تر و هه‌م شانازیدار تریش بوو، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌ی قازی و شێخ مه‌حمودمان پێ شانازی و گه‌وره‌یی و فه‌خره‌ و ئه‌وه‌ی بارزانیشمان به‌لاوه‌ هه‌ڵه‌ و نه‌فامی و نه‌زانییه‌! کاتێک تۆ به‌ هه‌مان بیانووی دوژمنه‌که‌ته‌وه‌ له‌کرده‌وه‌کانی خۆت، له‌ ئاواته‌کانی خۆت، له‌ ئامانجه‌کانی خۆتت ڕوانی، ئێ حه‌تمه‌ن هه‌موو شت هه‌ڵه‌یه‌، چاوی دوژمن ڕاستییه‌کانی تۆ، ئاواته‌کانی تۆ، حه‌زه‌کانی تۆ به‌ هه‌ڵه‌ ده‌بینێت، ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و ڕیفراندۆم و هه‌ر هه‌نگاوێکی تریش که‌ کورد له‌ زۆنی پڕ له‌ خوێن و تاوان و وه‌حشیگه‌ری عه‌ره‌ب جیاکاته‌وه‌، نه‌کارێکی هه‌ڵه‌یه‌ و نه‌ نه‌نگییه‌! ده‌وڵه‌تی کوردی جا با بۆ عه‌ره‌ب و تورک و فارسێک هه‌ڵه‌ بێت، به‌ڵام بۆ هیچ کوردێک هه‌ڵه‌ نییه‌ (جگه‌ له‌ ئاڵا تاڵه‌بانی و سروه‌ عه‌ولواحید!) یه‌که‌م جاره‌ له‌مێژووی کورددا، هه‌وڵدان بۆ ده‌وڵه‌ت دروست کردن (جا با ناکامیش بێت!) له‌لایه‌ن کوردێکه‌وه‌، به‌هه‌مان دیدی دوژمنه‌وه‌، به‌هه‌ڵه‌ و تاوان حیساب بکرێت، لای من مێژووی بارزانی له‌ ٢٠١٧وه‌ ده‌ستی پێ کردووه‌، گه‌ر ئێستا بمرێت، من گه‌وره‌تر له‌ قازی و شێخ مه‌حمود و ته‌نانه‌ت مه‌لا مسته‌فای باوکیشی ده‌یبینم…

NRT ئەهلی و بێلایەن !

نویسنده:
۲۵ مرداد ۹۶

بە پێی بەرنامەکانی ئەم کاناڵە بێت ، تامی تەماتەیک لە تامی ئازادی خۆشترە !

ڕووت ڕەش بێت بۆ بەرنامەت ….

پێوانه‌ی کورد بوون !

نویسنده:
۲۴ اردیبهشت ۹۶

به درێژایی مێژوو پێوانه‌ی کورد بوون له لای ئێمه ، ته‌نیا هه‌ستێکی چڕ و کوێرانه‌ی ناسیوناڵیستی بووه ، که ئه‌ویش له کۆ بوونه‌وه له ده‌وری ئه‌م ڕێکخراو یان ئه‌ویتر ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و هیچیتر ! هه‌ستێکی تێژ و تۆقێنه‌ر که هیچ‌کات رێگای نه‌داوه که‌سه‌کان یان گرووپه‌کان به‌ر ڕه‌خنه و گله‌یی بکه‌ون و ئه‌گه‌ر به ئه‌نقه‌ست یان غه‌یره ئه‌نقه‌ست له ڕێگا لایان دابێت ، به خۆیاندا بێنه‌وه‌و بێنه‌وه سه‌ر ڕێگای ڕاست .

کێشانی هێڵی سوور له ده‌وری سه‌رکرده‌ی سیاسی و ئایینی کورد وای کردووه که ئێمه له دونیایکی ‌غه‌یره واقێعی سیاسیدا بژین و به‌و په‌ری خۆ گێل کردن له ڕاستیه‌کان له سه‌رکرده‌کانمان که‌سایه‌تی کاریزما دروست بکه‌ین و بۆ خۆمان بیانکه‌ین به بۆت و بیان‌په‌ره‌ستین و ئه‌گه‌ر که‌سانێ بیانه‌وێ ئه‌و هێڵه سوور بشکێنن و که‌سه‌کان و گرووپه‌کان بخه‌نه به‌ر ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندن ، کوێرانه به‌ر هێرشی تووندی ئێمه‌ی کورد ! ئه‌که‌ون . وه‌ک ئه‌وه‌ی له ئه‌وان کوردتر بین !

ئێبراهیم یوونسی ” له پێشه‌کی کتێبی ” جنبش‌های ملی کرد ” نوسینی ” کریس کۆچرا ” ، بیره‌وه‌ریکی خۆی له چایخانه‌یکی سه‌ر سنووری رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان ، له گه‌رمه‌ی شۆڕشی بارزانی‌ نه‌مردا ئه‌گێڕێته‌وه‌و ئه‌ڵێ : ” چاپی وێنه‌یکی مسته‌فا بارزانی له تایمز ، له کاتێکدا که خه‌ریکی کێشانی جگه‌ره‌یه و دوو ده‌مله‌شی به لای شاڵه‌که‌‌یدا کردووه ، و به ئینگلیزیش له ژێری وێنه‌که‌دا نووسرابوو ؛ ” بارزانی جگه‌ره‌ی زۆر ئه‌کێشێ و بۆ کێشانی جگه‌ره ، له چه‌ندین ده‌مله‌ی ده‌ست سازی خۆی که‌ڵک وه‌ر ئه‌گرێ . ” ،  بووبووه مایه‌ی مشت و مڕی حازران . ئه‌و خه‌ڵکه هه‌ر چه‌ند ئه‌یانزانی ئه‌وانه‌ ده‌مله‌ن که بارزانی کردوویه به لای شاڵه‌که‌یدا ، به‌ڵام ته‌نیا له به‌ر قودسیه‌تی که‌سایه‌تی بارزانی پێ‌یان وابوو ئه‌وانه ده‌مله نین و به چه‌کی دژه تانکیان ئه‌زانی که شای ئێران پێی به‌خشیبێت !!!

هه‌ر ئێستاش له پانتایی سیاسی کوردستان دا له‌و جۆره قودسیه‌ت به‌خشینه فراوان به‌دی‌ ئه‌کرێ و تاکاتێ هێڵی سور له ده‌وری که‌سه‌کان بکێشین و ئیجازه‌ی ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنی تاک و کۆ نه‌ده‌ین و تا کاتێ له که‌سایتیه سیاسی و ئایینیه‌کانمان بت ساز بکرێ و هێڵێکی سوور ، ئێمه له ئه‌وان جیا بکاته‌وه‌و ئه‌وان هیچ کات خۆیان له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی وا ئه‌یکه‌ن به به‌ر پرسیار نه‌زانن و ڕه‌خنه کردنیان بڤه بێت ، هیچ کات زه‌ینی کوێری جه‌ماوه‌ر به سه‌ر ڕاستیه‌کاندا رووناک نابێته‌وه و په‌شیمانی له دووای په‌شیمانی له بیر و باوه‌ره‌کان دووپات و چه‌ندپات ئه‌بێته‌وه !

شیرین و ناشیرین

نویسنده:
۲۶ اسفند ۹۵

سالانی زوو که هێشتا ته‌کنه‌لۆژیا به‌م ئاسته‌ی ئێستا پێش نه‌چوو بوو ، له هه‌ڵبژاردنه‌کانا وێنه‌ی ڕه‌ش و سپی کاندیداکان به دیوار و کۆڵان و شه‌قامه‌کانی شارا هه‌ڵ ئه‌واسرا . به‌ڵام به پێش وه‌چوونی ته‌کنه‌لۆژیا ، به تایبه‌ت عکاسی و فۆتۆشاپ و … زۆر شتی‌تر ، دۆخه‌که زۆر گۆڕا ! ڕواڵه‌تی ناشیرین و زه‌ق به فۆتۆ شاپ گۆڕانیان به سه‌ردا دێت و وێنه‌گه‌لێکی جووان و دڵ‌ڕفێن دروست ئه‌کرێت !

له‌ کاتی پڕوپاگه‌نده‌ی کاندیداکانی شوورای شاری مه‌ریوانا ، ناوه‌کان زۆر بۆم ئاشنا بوون . به‌ڵام وێنه‌کان نا !!! زۆربه‌یانم ئه‌ناسی ، ڕوومه‌تی زۆریانم له نزیکه‌وه بینیبوو ، له گه‌ڵیان قسه‌م کردبوو ، … به‌ڵام ئه‌و ڕوومه‌ته‌ی من له جیهانی واقیع و حازردا بینیومه ، زۆر جیاوازی بوو له گه‌ڵ وێنه‌ی هه‌ڵواسراوی کاندیده‌کانا ! کاندیدی وا بوو ( جا چه ژن بێت یان پیاو ! ) پیاو تێر نابێ له  سه‌یری چاو و ده‌م و لووت و زوڵفی خاو و قه‌د و باڵایان ! به‌‌ڵام له واقێعدا هه‌تا خوا حه‌ز کات ناشیرینن !

من به داخم بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی وا به پێی جووانی و ناشیرینی کاندیده‌کان ، ده‌نگیان پێ ئه‌ده‌ن ! دوو هێنده‌ش به داخم بۆ ئه‌و کاندیدانه وا ئه‌یانه‌وێت به وێنه‌ی فۆتۆشاپ‌کراو ، ده‌نگی خه‌ڵک به ده‌س بێنن !

کۆچ

نویسنده:
۲۴ خرداد ۹۴

له‌وه‌ته‌ی هه‌م کۆچ ئه‌که‌م

مڵه‌خورد .. خاڵی سفری سنوور ..  نێوان ڕۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان

به‌هاری ٩۴ی هه‌تاوی

 

میلله‌تێکی سه‌یرین !

نویسنده:
۲ آبان ۹۳

یه‌که‌م : ئێمه میلله‌تێکی زۆر سه‌یرین ! به ڕۆژ دێینه سه‌ر شه‌قام و پشتگیری له کۆبانێ ئه‌که‌ین و هه‌ر چی تف و له‌عنه‌ت شک ئه‌به‌ین ئه‌یده‌ین به ناو چاوی ئه‌ردۆغانا ! پاشان که دڵمان ئارامی گرت ، ئیتر هه‌ست به برسیه‌تی ئه‌که‌ین و ئه‌چینه ” ترک دنر ” نانی نیوه‌ڕۆمان ئه‌خۆین ! به ده‌م چوونه ماڵیشه‌وه له ” قنادی آذربایجان ” دا بۆ میوانیه‌که‌‌ی شه‌ومان شیرینی ئه‌سێنین و یه‌ک سه‌عاتیش له سه‌فی ” بستنی نعمت ” دا سه‌رقاڵی گێڕانه‌و‌‌ه‌ی حه‌ماسه‌ته‌که‌ی ئه‌و ڕۆژه ئه‌بین !
دووه‌م : ئێمه میلله‌تێکی زۆر سه‌یرین ! به شه‌و به دیار کاناڵه‌کانه‌وه دائه‌نیشین ، هه‌تا باسی حه‌ماسه‌تی ئه‌و ڕۆژه‌مان بۆ بگێڕنه‌وه . پاشان به دڵێکی پڕ له غروره‌وه ، وه‌ک کوردێکی ته‌واو شانی لێ شل ئه‌که‌ین و هه‌تا نیوه‌شه‌و ، به ته‌ماشا کردنی سریاڵی تورکی و … ماندوویه‌تیمان ئه‌حه‌سێته‌وه !

هه‌ڵه‌بجه

نویسنده:
۵ مرداد ۹۳

هه‌ڵه‌بجه هه‌ر له سه‌ره‌تای دروست بوونی هه‌تا ئێستا لانکه‌ی شێعر و شاعیران بووه ، به شاری شێعر و جوانی ناو بانگی ده‌ر کردووه .. گۆران ، تاهێر به‌گ و ئه‌حمه‌د موختار و …  . زێدی ئه‌ده‌بی کلاسیک و نوێی کوردییه . خاوه‌‌ن مێژوویکی به هێزه له خه‌بات و خاوه‌ن برینێکی نه‌ته‌وه‌ییه . به داخه‌و ئێستا له ڕاگه‌یاندنه‌ کوردیه‌کانه‌وه ئه‌وه ئه‌بیسیت که ڕۆژانه ، گه‌نج و لاوی هه‌ڵه‌بجه ئه‌ڕۆنه سووریا و به ناوی جیهاد و شه‌هاده‌ته‌وه له پێناو بۆگه‌نترین ڕێکخراوه‌ی تیرۆریستی جیهان ، دژ به نه‌ته‌وه‌ی خۆیان و دژ به مرۆڤایه‌تی ، ژیانیان به‌خت ئه‌که‌ن . ئه‌مه‌ش بۆ بۆشایی ده‌سه‌ڵات و قانوون ئه‌گه‌ڕێته‌وه که له باشووری کوردستاندا هه‌یه ، که کارێکی وای کردووه هێزه ئیسلامیه تووندڕه‌وه‌کان به ئازادی خاوه‌ن حیزب و ته‌له‌فزیۆن و راگه‌یاندن بن . هانی خه‌ڵک به‌ن بۆ تیرۆر ، ته‌نانه‌ت مینبه‌ری مزگه‌وته‌کان بۆ ئه‌و کاره گڵاوو دژه مرۆڤایه‌تییه به کار بهێنن . حه‌یفه هه‌ڵه‌بجه له شاری شێعر و جوانی و له شاری شاعیرانه‌وه ببێ به شاری تیرۆر و تیرۆرێستان …

که‌چه‌ڵ

نویسنده:
۲۶ فروردین ۹۳

یه‌که‌م : کۆمه‌ڵگای ئێمه ئه‌بێ تا چه ئه‌ندازه به دووای قاره‌مانه‌کانا وه‌یلان بێت که تراشینی سه‌رێک – جا به هه‌ر هۆکارێک ! – ببێته مایه‌ی باس و مشت و مڕی ڕۆژانه‌ی هه‌ر تاکێکی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه !؟ قار‌ه‌مان په‌روه‌ری و قاره‌مان په‌ره‌ستی هه‌میشه له‌و کۆمه‌ڵگایانه ڕوو  ئه‌دات که تاکه‌کان خۆیان ناتووانن له ئاست کێشه‌کان به‌رپرس بن و هه‌وڵی جدی بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی گیر و گرفته‌کان به‌ن ! جا هه‌ر ئه‌وانه‌ی وا چه‌پڵه و فیکه بۆ قاره‌مانه‌کان لێ‌ئه‌ده‌ن و ئه‌کێشن ، خۆیان ئه‌بنه مایه‌ی شکست و دڵ ساردی قاره‌مانه‌که‌ن !

دووه‌م : ئیمڕۆ که‌سێک ئه‌وی ووت ؛ گوایه سی نه‌فه‌ر له پارله‌مانتارانی پارله‌مانی فه‌ڕانسه قژی سه‌ریان تاشیوه ! یه‌کێکیتر ئه‌ی ووت ؛ گوایه ” فڵانی ” سه‌یاره‌یکی ئاخر مۆدێلی بۆ ناردووه ، دانه‌یکیتر ئه‌ی ووت له فڵان شارا ئه‌ونه‌ قه‌واره زه‌مینیان پێ به‌خشیوه ! … هتد . دووای کاره‌که‌ی ئاغای ” علی محمدیان ” ، فارس ووته‌نی ؛ ” حواشی ” ئه‌م کاره ئه‌ونه زۆر بوو که که‌م که‌م نه‌فسی کاره‌که چووه نێو که‌وانه‌ی پرسیار و تا ڕاده‌یک بێ‌تام بوون ! هه‌ر تاکێکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه باشتر وایه دووای ده‌س خۆشی کردن له‌و کاره جووانه ،  به جێی سه‌رتاشین و باس کردن له‌و جۆره شایعاته هه‌وڵ بات که کارێکی له‌وه جوانتر و عه‌مه‌ڵیتر بکات .